سازدانی: سیروان ره‌شید
نێچیرڤان بارزانی (44) ساڵ، ئێستا ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی سه‌رپه‌رشتیكردنی پڕۆسه‌ی ریفۆرم‌و گۆڕانكارییه له‌ناو پارتیدا‌و ده‌یه‌وێت ستراكچه‌رو عه‌قڵی حیزبه‌كه‌ی بگۆڕێت، به‌ڵام ئه‌و پرۆسه‌یه بۆ نێچیرڤان ئێجگار سه‌خته، چونكه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "ئه‌و كه‌سه‌ی كه بیه‌وێت نوێبونه‌وه‌و گۆڕانكاری بكات، توشی ئاسته‌نگیش ده‌بێت، ئێمه به‌ته‌مای كوده‌تا نین، چاكسازی له‌ناو هه‌مو حیزبێكدا پێویسته".
بۆ هه‌ر چاودێرێكی سیاسیی، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی پارتی بكات، ده‌بێت نێچیرڤان بارزانی جیابكاته‌وه، چونكه ئێستا نێچیرڤان، سیاسییه‌كی كراوهترهو خاوه‌نی عه‌قڵێكی پراگماتیانه‌یه.
چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ نێچرڤان بارزانی، زۆر ئاسان نییه. دوای نزیكه‌ی ده‌ڕۆژ له داواكاری بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م چاوپێكه‌وتنه، سه‌ره‌نجام هه‌ینی رابردو، ئه‌م دیمانه‌یه له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌شاری هه‌ولێر ئه‌نجامدرا. محه‌مه‌د خۆشناوی سكرتێری رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی وتی: له‌م ماوه‌یه‌دا، ده‌یان میدیای ناوخۆی‌و جیهانی داوای چاوپێكه‌وتنیان له نێچیرڤان بارزانی كردوه، به‌ڵام ئاماده‌یی ده‌رنه‌بڕیوه‌و ته‌نها داواكه‌ی ئێوه‌ی په‌سه‌ندكرد.
نرخاندنی ستایڵی هێڵی كاركردن‌و زمانی ره‌خنه‌یی رۆژنامه، له‌لایه‌ن به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانییه‌وه بۆ ئێمه جێگه‌ی خۆشحاڵییه كه پێم وایه، هه‌ر ئه‌مه‌ش فاكته‌ری ئه‌م چاوپێكه‌وتنه بو.
رۆژنامه: كه هاتم بۆ ئه‌م چاوپێكه‌وتنه، شۆفێری ته‌كسییه‌كه پێیوتم، كاك نێچیرڤان دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌جێهێشت خه‌ریكی چییه؟، ئایا ئێستا جه‌نابتان سه‌رقاڵی چین؟
نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس به‌خێربێن. رێزم بۆ ئه‌و برایه هه‌یه كه شۆفێری ته‌كسییه‌و پرسیاری له‌سه‌رم كردوه، له راستیدا ئه‌وه‌ی كه ئێستا زۆر پێوه‌ی سه‌رقاڵین، خه‌ریكی به‌دواچونی ئه‌نجامی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ین كه ئیعلانكراو كورد چۆن به‌شداری ئه‌و پڕۆسه سیاسییه نوێیه‌ی عێراق بكات.
رۆژنامه: كه‌واته له‌كایه سیاسییه‌كه دانه‌بڕاون؟
نێچیرڤان بارزانی: نا نا، نه‌خێر، زۆر به‌جدیی، ئه‌گه‌ر له‌جاران گه‌رموگوڕتر نه‌بم، كه‌متر نییه.
رۆژنامه: خوێندنه‌وه‌ت بۆ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان چییه؟
نێچیرڤان بارزانی: به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی سه‌ركه‌وتن بو بۆ خه‌ڵكی عێراق، به‌تایبه‌ت له روی ئه‌منییه‌وه كه تا ئاستێكی باش دۆخه‌كه ئارام بو، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه زۆر گرنگه بۆ چوارساڵی داهاتوی عێراق بهگشتیو هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت وه‌ك به‌شێكیش له‌عێراق، یه‌كێك له به‌ره‌نجامه گرنگهكانیش له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌وه‌یه كه ئایندهی سیاسی‌و داڕشتنه‌وه‌ی شێوه‌ی نیزامی عێراق دیاری ده‌كات.
رۆژنامه: پێتان وایه، نه‌خشه‌ی سیاسیی داهاتوی عێراق، هه‌روه‌ك چوارساڵی پێش‌و وێنا ده‌كرێته‌وه، یان گۆڕانكارییه‌كی ریشه‌ی تێدا رو ده‌دات؟
نێچیرڤان بارزانی: پێم وایه، كه‌م تا زۆر، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی رابردو ده‌بێت، به‌ڵام مومكینه گۆڕانكاریی له شهخسهكاندا بكرێت كه پۆسته‌كان وه‌رده‌گرن، به‌ڵام له روی نه‌خشه‌ی سیاسی‌و حوكمڕانییه‌وه ئه‌وانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتدار دهبنو به‌رپرسیارێتییان به‌ده‌ست ده‌بێت، پێم وایه وه‌ك چوارساڵی رابردو ده‌بێت.
رۆژنامه: خوێندنه‌وه‌ت بۆ پێگه‌ی كورد له‌به‌غدا، له‌دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، چۆنه؟
نێچیرڤان بارزانی: وه‌كو پێشتر باسمكرد، چوارساڵی داهاتو، بۆ كورد ئێجگار گرنگه، چونكه ئێمه كۆمه‌ڵێك كێشه‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه كه تائێستا به‌هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه‌و كێشه‌ی زۆر جدیشن. سه‌یركه له عێراق هه‌ندێك هه‌ن كه ئه‌وه‌ی ئێمه له‌هه‌رێم هه‌مانه، تائێستاش به رهواو مافی خۆمانی نابینن‌و پێیان وایه، یه‌كجار زۆرن. ئه‌و فیدراڵییه‌ته‌ی كه ئێمه باسیده‌كه‌ین، وه‌ك پێویست له‌عێراق جێگیر نه‌بوه، تا ئێستا سنوری فیدراڵییهتهكهمان رون نییه كه كوێیه؟ ئه‌مانه هه‌موی كێشه‌ی جدین كه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت عێراق بهیهكگرتویو به‌خۆشگوزه‌رانی بمێنێته‌وه، پێویسته له‌لایه‌ن به‌غداو له‌لایه‌ن هه‌ولێریشه‌وه زۆر به‌جدیی ئه‌م كێشانه دیراسه بكرێن‌و چاره‌سه‌ریشیان بۆ بدۆزرێته‌وه كه ئه‌وانیش یاسای نهوتو مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه‌و مه‌سه‌له‌ی سنوری فیدراڵی كوردستانن كه ده‌بێت ئێمه‌ی كورد له‌م چوارساڵه‌دا زۆر به‌جدیی هه‌وڵبده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مانه جێگیربن. بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشانه‌ش، پێویسته له‌بنه‌ڕه‌تدا دادوه‌رییه‌كه بدرێته ده‌ستور، كه ئه‌و ده‌ستوره گه‌لی عێراق به تێكڕای (80%) ده‌نگی له‌سه‌ر داوه‌و كه‌م تا زۆریش داواكارییه‌كانی كورد له‌م ده‌ستوره‌دا جێگیركراون، كه مومكینه له‌ئاستی تموحی ئێمه‌شدا نه‌بێت، به‌ڵام له‌و قۆناغه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده مومكین بوه. پێم وایه، یه‌كه‌م شت بۆ ئێمه‌ی كورد ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت له‌و پرسه چاره‌نوسسازانه‌دا زۆر یه‌كگرتو بین له به‌غدا، ئه‌گه‌ر یه‌كگرتو نه‌بین، مومكین نییه له‌به‌غدا بتوانین هیچ یه‌كێك له‌م كێشانه بهسهركهوتوییو به قازانج بۆ هه‌رێم ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین. به‌داخه‌وه ئێمه پێشتر له‌به‌غدا، وه‌ك هاوپه‌یمانێتی، زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مای فڵانه شه‌خس باشه‌و فڵانه خراپه هاوپه‌یمانێتیمان كردوه، كه پێم وایه، ئه‌مه بۆچونێكی هه‌ڵه‌بوه. ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌ساسی به‌رنامه‌و ئه‌جێندایه‌ك بۆ داواكارییه‌كانمان، بڕۆین به‌ره‌و به‌غداو هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌دا بكه‌ین كه به‌جدیی داواكارییه‌كانی كورد به ره‌وا دهبیننو قبوڵی ده‌كه‌ن. واشی بۆده‌چم كه یهكدهبین، بۆنمونه، تۆ حیسابی لیستی گۆڕان بكه، قابیله گۆڕان شتێكی تری ده‌وێت له‌به‌غدا، ئێمه تهجروبهیهكمان له‌گه‌ڵ لیستی یه‌كگرتوی ئیسلامی هه‌بوه كه له‌و ماوه‌یه‌ی له په‌رله‌مانی عێراقی بون، له پرسه چاره‌نوسسازه‌كان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی كوردستان بون، یانی كه‌س موزایه‌ده به‌سه‌ر كه‌سه‌وه نه‌كات. له مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵوێستوه‌رگرتن له‌سه‌ر پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد، مه‌عقوله لیستی گۆڕانیش كه بزوتنه‌وه‌كه‌یان دروستكردوه‌و به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، هه‌مویان پێشمه‌رگه‌ی كۆن‌و خه‌ڵكی ماندوو خاوه‌ن خهباتو خزمهتنو له‌پێناوی كورددا تهسحیهیهیان داوه‌و دوای ئه‌و هه‌مو خه‌باته، ته‌سه‌ور ناكه‌م، بچنه به‌غداو به‌شێوه‌یه‌كی تر هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن.
رۆژنامه: باسی كۆمه‌ڵێك گرفتی گرنگ‌و سه‌ره‌كیت كرد، له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدادا، به‌وپێیه‌ی به‌ڕێزتان پیاوێكی خاوه‌ن ئه‌زمونن له دانوستاندنه‌كانی نێوان ههرێمو به‌غدادا، ئایا ئه‌م كێشانه چۆن چارهسهردهكرێنو ده‌بێت میكانیزمهكهیان چۆن بێت؟
نێچیرڤان بارزانی: كاكه، تا ئێستا فیكره‌یه‌ك له‌به‌غدا زاڵه‌و پێیان وایه، كات له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وانه‌و به‌تێپه‌ڕبونی كات به‌هێز دهبنو كوردیش لاواز ده‌بێت، بۆیه دێن له روی هێزه‌وه قسه له‌گه‌ڵ كورد ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ی كه هه‌یانه‌و به بۆچونی من، ئه‌مه بۆچونێكی هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌زمونی عێراق ئه‌وه‌ی سه‌لماندوه، كه پێشتر سه‌دام به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كورد كردوه‌و له‌ئه‌نجامیشدا نه‌یتوانیوه شۆڕشی كورد له‌ناو به‌رێت. به‌هه‌رحاڵ ئه‌مه داواكاریی میللهتێكهو مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی به حیزبێكی سیاسی‌و لایه‌نێكه‌وه نییه‌و داواكاریی میلله‌تێكه كه قبوڵی كردوه له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا بمێنێته‌وه به كۆمه‌ڵێك مه‌رج، له‌به‌رئه‌وه ئه‌م بوچونه له‌به‌غدا هه‌یه‌و پێیان وایه، دهستیدهستیكردنو كاتكوشتن له ئه‌نجامدا له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وانه‌و له روی هێزه‌وه قسه له‌گه‌ڵ كورد ده‌كرێت. مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه، مه‌سه‌له‌ی ده‌ستوره، ده‌ستوری عێراقیش له‌كاتێكدا نوسراوه كه كورد به‌پێی ئه‌و ده‌ستوره‌ی نوسراوه ئاماده بووه بچێته به‌غداو یارمه‌تی به‌غدا بدات بۆ پێكهێنانه‌وه‌ی عێراقێكی نوێ، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك پێیان وایه كه ئه‌م ده‌ستوره له‌كاتێكی نهگونجاوو شازدا نوسراوه‌و گونجاو نه‌بوه‌و هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن، ئه‌م ده‌ستوره بگۆڕرێت، بۆیه به‌رای من، كێشه‌ی گه‌وره له‌م بواره‌دا، مه‌سه‌له‌ی جێبهجێبهجێكردنی ده‌ستوره، ئایا به‌غدا ئاماده‌یه ئه‌م ده‌ستوره جێبه‌جێبكات، یان نا؟ به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی تا ئێستا بینیومه، مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه كه چاوه‌ڕێن كه‌ی به‌هێز بن‌و له روانگه‌ی هێزه‌وه قسه له‌گه‌ڵ كورد بكه‌ن.
رۆژنامه: ئایا به‌غدایه‌كی به‌هێز، له قازانجی كورده، یان له زه‌ره‌ی؟
نێچیرڤان بارزانی: پێم وایه، ئه‌گه‌ر بنه‌ڕه‌تی داڕشتنه‌وه‌و نیزامی عێراق، بنه‌ڕه‌تێكی دیموكراتی‌و فیدراڵی بێت، له قازانجی كورده، نه‌ك له زه‌ره‌ی. كاكه، با راشكاوانه تر له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه قسه‌بكه‌م.
رۆژنامه: فه‌رمو؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێستا بنه‌مای حوكمڕانی عێراق سیستمێكی په‌رله‌مانییه، به‌ڵام با ئێمه بێین‌و سه‌یری ئه‌م چوارساڵه بكه‌ین‌و بزانین چۆن ئیشكراوه، سه‌یر ده‌كه‌یت، پهرلهمانێكت هه‌بوه له‌به‌غدا كه له‌چاو ئیشی حكومهتو كاری سه‌رۆك وه‌زیراندا رۆڵی په‌رله‌مان تا ئاستێكی زۆر لاواز بوه! سه‌یر ده‌كه‌یت به‌پێی ده‌ستور سه‌رۆك وه‌زیران بۆی نییه، سه‌رله‌شكری سوپا دابمه‌زرێنێت، به‌ڵام جه‌نابی نوری مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیران رێگه‌ی به‌خۆیداوه زۆرێك له سه‌رله‌شكری له‌ناو سوپا‌و وه‌زاره‌تی به‌رگریی داناوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ په‌رله‌مان كه ئه‌مه كارێكی ناده‌ستورییه، ئه‌و حیزب‌و لایه‌نانه‌ش كه به‌شداربون له حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی‌دا، به‌شێوه‌یه‌ك ره‌فتاریان كردوه كه هه‌ر خۆی شعوری به‌وه كردوه كه كه سێكی دیكتاتۆره كه به‌بڕوای من، خه‌تای مالیكی نییه، به‌ڵكو خه‌تای كورد‌و ئه‌و لایه‌نانه‌یه كه هاوپه‌یمانێتییان له‌گه‌ڵ كردوه‌و وایانكردوه، به راستی جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران وا هه‌ست بكات كه تاكه سواری عێراقه‌و هه‌مو شت هه‌رخۆیه‌تی! له‌كاتێكدا سیستمی عێراق سیستمێكی فیدراڵییه‌و ئهساسهكهی له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتی دروستبوه، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌و كارتانه‌ی كه زۆر به‌هێز بون، نه كورد توانیویتی له‌ماوه‌ی چوارساڵی رابردو به‌كاریان بهێنێت كه ده‌یتوانی به‌كاریان بهێنێت، نه لایه‌نه‌كانی تریش به‌كاریانهێناون.
رۆژنامه: له به‌ره‌نجامی بۆچونهكانتهوه، واده‌رده‌كه‌وێت كه له‌چوارساڵی رابردودا نوێنه‌رانی كورد له‌سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار‌و حكومهتو په‌رله‌مان كه‌مته‌رخه‌م بون‌و هه‌لی گرنگیان له‌ده‌ست چوه؟
نێچیرڤان بارزانی: به بۆچونی من، به‌ڵی. به‌ڵێ، نه‌ك هه‌ر ئه‌وان، هه‌مو لایه‌كمان كه‌مته‌رخه‌م بوین‌و ئێمه‌ش كه‌مته‌رخه‌م بوین كه ده‌مانتوانی زۆر شت بكه‌ین، ده‌مانتوانی مه‌جال نه‌ده‌ین كه ئه‌م سیستمه‌ی عێراق به‌م شێوه‌یه بڕوات. عێراق له دوا (2003)گۆإا كه ده‌مانتوانی زۆر به‌جوانی قازانج له‌م گۆڕینه بكه‌ین. به‌داخه‌وه، هه‌ڵسوكه‌وتی ئێمه هه‌موی له‌گه‌ڵ یه‌ك شه‌خس بوه‌و له‌گه‌ڵ سیستم نه‌بوه.
رۆژنامه: با له‌سه‌ر ته‌وه‌ری كێشه‌كانی ههرێمو به‌غدا زیاترت گفتوگۆ بكه‌ین، ئایا كێ باشه، بۆئه‌وه‌ی وه‌فدی دانوستكاری كورد بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا؟
نێچیرڤان بارزانی: با بهسهرهاتێكت بۆ باسبكه‌م، د. مه‌حمود عوسمان جارێك بۆی باسكردم وتی ئێمه ساڵی(1970)، ئه‌و كاته‌ی كه گفتوگۆی رژێم له‌گه‌ڵ شۆڕشی كورد‌و جه‌نابی بارزانی ده‌ستیپێكرد، دانیشتین بڕیاری ئه‌وه‌ماندا كه كێ وه‌فدی (مفاوز) بێت له‌به‌غدا. جه‌نابی بارزانی هاته ژوره‌وه‌و ده ده‌قیقه دانیشت‌و یه‌ك راسپارده‌ی پێداین‌و وتی، كه‌یفی خۆتانه، ئێوه وه‌ك مه‌كته‌بی سیاسی له‌و باره‌یه‌وه چی ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌سێك له‌نێو ئێوه‌دا وه‌فدی مفاوز نه‌بێت كه حه‌ز بكات له‌به‌غدا به‌رپرسیارێتی هه‌بێت، كه پێم وایه، ئه‌مه له‌ساڵی حه‌فتاو چل ساڵ به‌ر له‌ئێستا وتراوه، ئامۆژگارییه‌كی یه‌كجار باشه بۆ ئه‌مڕۆمان.
ئێستاش پێویسته ئه‌و وه‌فده‌ی كه ده‌چێت بۆ به‌غدا، هه‌مو لایه‌نه‌كان تێیدا به‌شداربن‌و ده‌بێت له‌كوردستانه‌وه به‌یه‌كگرتویی به‌ره‌و به‌غدا بڕۆین‌و ئه‌وه‌نده‌ی منیش ده‌زانم، جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمیش زۆر كات ته‌ئكیدی له‌م مه‌سه‌له‌یه كردوه‌ته‌وه.
رۆژنامه: پێتان وایه، پێویسته ئسلوبی مفاوه‌زاتی كورد چۆن بێت، ئایا وه‌فدی كوردی هه‌ڕه‌شه بكه‌ن؟ كێشه‌كان به‌زویی به‌لایه‌كدا بخه‌ن؟ كاتی زیاتر بده‌ن به به‌رامبه‌ر؟.
نێچیرڤان بارزانی: لهكرمانجیدا شتێك هه‌یه كه جوانترین ته‌عبیره بۆ مفاوه‌زات، پێی ده‌ڵێن (دان‌و ستاندن)، كه من پێم وایه، كورد له‌سه‌ر بنه‌مای دان‌و ستاندن بچێت، كاكه، یه‌كێك له‌هه‌ڵه‌كانی ئێمه ئه‌وه بوه كه زۆر ته‌ركیزمان له‌سه‌ر شه‌خس كردوه، وتومانه فڵان شه‌خس باشه، فڵان خراپه، ئیحتیماله فڵان شه‌خس په‌یوه‌ندیی باش بێت له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك، له‌گه‌ڵ مام جه‌لال، له‌گه‌ڵ كه‌سێكی تر، به‌س ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه، هه‌موشتێكی له‌سه‌ر بنیات بنرێت، ده‌ڵێم، هیچ كه‌سێك هه‌مو شتێكی باش نییه‌و هیچ كه‌سیش هه‌مو شتێكی خراپ نییه، ئێمه ده‌بێت به‌پێی به‌رنامه‌و ئه‌جێندا ئیش بكه‌ین كه داواكاریمان چییه‌و چوارچێوه‌كه‌ی ده‌ستنیشان بكه‌ین‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا وه‌فدی خۆمان پێكبهێنین، كه دیاره له‌هونه‌ری دانوستانیشدا هه‌مو شتێك هه‌ر بۆخۆت نابێت‌و هیچیش بۆ به‌رامبه‌ر، بۆیه ئامانجه‌كه بۆ ئێمه ئه‌وه‌یه، بگه‌ینه رێگهچارهو ئه‌م چوارساڵه‌ی كه بهدستمانهوهیه، بۆ ئێمه گرنگه‌و پرسه‌كانمان كه به‌هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه له‌عێراقدا، چاره‌سه‌ریان بكه‌ین.
رۆژنامه: به‌ئاسۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا، گه‌شبینی، یان ره‌شبینی؟
نێچیرڤان بارزانی: وه‌ڵایی، زۆر گه‌شبین نیم، ناشمه‌وێت بڵێم زۆریش به‌دبینم، ئه‌وه ده‌مێنێته‌وه بۆئه‌وه‌ی كه شێوه‌ی حوكم له عێراقی داهاتودا چۆن دهبێتو پێكهاته‌كان چۆن ده‌بن؟، به‌ڵام یه‌ك خاڵ گرنگه كه هه‌ركه‌سێك له به‌غدا حاكم بێت، ده‌بێت تێبگات كه ئه‌گه‌ر بیه‌وێت عێراق سه‌قامگیر بێت‌و ئاینده‌یه‌كی باشی ههبێتو به‌خۆشگوزه‌رانی بژی، ده‌بێت ئه‌م كێشانه چاره‌سه‌ر بكات.
رۆژنامه: ئه‌گه‌ر هیچ یه‌ك له‌و لیسته براوانه‌ی هه‌ڵبژاردن، نه‌یانتوانی شه‌ریكێكی راسته‌قینه‌ی كورد بن‌و مافه‌كانمان بسه‌لمێنن، كورد به‌دیل‌و خیاراتی چییه؟
نێچیرڤان بارزانی: ئینجا مه‌سه‌له‌كه ئه‌مه‌یه. ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌ساسی به‌رنامه‌یه‌ك رێككه‌وتن بكه‌ین‌و سه‌قفێكی زه‌مه‌نیش هه‌بێت كه ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه جێبه‌جێنه‌كرا، به بۆچونی من، ده‌بێت كورد بڕیارێكی تر بدات‌و ده‌بێت له‌وه تێبگه‌ین كه سیستمی عێراق، سیستمێكی فیدراڵی ئیئتیلافییهو ده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌ساسی به‌رنامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌م لایه‌نانه رێكبكه‌وین، ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌رنامه‌یه له‌سه‌ر سه‌قفی زه‌مه‌نی خۆی جێبه‌جێنه‌كرا، ده‌بێت كورد ته‌هدیدی ئه‌وه بكات، له‌حكومه‌ت ده‌شكێته‌وه.
رۆژنامه: له ئه‌زمونی رابردودا، هیچ یه‌كێك له‌و فشار‌و كارتانهمان به‌كارنه‌هێنان، چۆن ئه‌مجاره ده‌توانین، ئه‌وه بكه‌ین؟
نێچیرڤان بارزانی: به‌ڵێ، له ئه‌زمونی رابردودا هیچ یه‌كێك له‌وانه نه‌كران كه ده‌مانتوانی زۆر شت بكه‌ین، به‌بۆچونی من، خۆشبینم، ئه‌مجاره ده‌توانین بیكه‌ین.
رۆژنامه: ئێستا مشت‌ومڕێك له‌نێوان كورد‌و پێكهاته‌كانی تر له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار دروستبوه، من به‌ته‌ركیز مه‌به‌ستم ئه‌و پۆسته سیادییه نییه، ئایا تۆ لایه‌نگیری به‌ده‌ستهێنانی پۆستی، یان به‌ده‌ستهێنانی ماف؟
نێچیرڤان بارزانی: ئه‌و پۆسته‌ش به‌شێكه له‌مافه‌كانی ئێمه، ئه‌گه‌ر ئێمه به‌شدارین له‌عێراقی نوێ‌دا كه پێكهاته‌ی كورد پێگه‌یه‌كی گرنگه له‌و عێراقه‌دا، ده‌بێت یه‌كێك له‌و پۆسته سیادییانه بۆ كورد بێت، بۆ ئه‌وه‌ی پۆسته‌كانیش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و شه‌راكه‌ته بن، عێراق له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه دامه‌زراوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی من پێم وایه، له به‌رژه‌وه‌ندیی كورده كه پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ ئێمه‌ی كورد بێتن به‌تایبه‌تی له‌م چوارساڵه‌ی داهاتوداو پێشم وایه، پێویسته هه‌مومان به هه‌مو حیزب‌و لایه‌نه‌كانه‌وه پێدا بگرین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، مام جه‌لال ئه‌و پۆسته وهربگرێتو پێویسته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش پشتیوانی لهكاندیدكردنهوهی مام جه‌لال بكه‌ن.
رۆژنامه: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌به‌غدا پۆست له‌سه‌ر حیسابی كورد وه‌رده‌گرن، پێویسته چی بۆ كورد بكه‌ن؟
نێچیرڤان بارزانی: له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه هه‌یانه‌و ئه‌وه‌ی كه پێیان بكرێت، ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌مه‌سه‌له‌ی كورد بیكه‌ن‌و كه‌مته‌رخه‌م نه‌بن.
رۆژنامه: ئه‌گه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار نه‌درایه‌وه به كورد، چی روده‌دات؟
نێچیرڤان بارزانی: جارێ ناتوانم، پێشبینی بكه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد هه‌موی كۆك بێت، ئه‌و پۆسته وه‌رده‌گیرێت.
رۆژنامه: زۆر باس له گرنگیی یه‌كگرتویی گوتاری كورد ده‌كه‌ین له‌به‌غدا، به‌ڵام بۆ باس له به‌هێزكردنی هه‌رێمێكی كوردستانی به‌هێز ناكرێت، له روی دامودهزگاكانیو رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵهكهی كه پێم وایه، ئه‌مه فاكته‌رێكی گرنگه بۆ زیاتر به‌ده‌ستهێنانی ماف‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی به‌غدا؟
نێچیرڤان بارزانی: ئه‌مه شتێكی ئهساسییهو ده‌بێت وابین كه پێم وایه، سیاسه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌وه‌یه كه زۆرجار ته‌ئكیدیشی لهسهركردوهتهوه كه ده‌بێت داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراوه‌ی حكومی‌و ده‌وڵه‌تی بن. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌جدیی ئیحترامی خۆمان هه‌بێت له ناوخۆ‌و به‌غداو ده‌ره‌وه، ده‌بێت هه‌وڵی جدیی بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌مان هه‌بێت له‌كوردستان‌و هه‌تاوه‌كو ئه‌وه‌ش نه‌كه‌ین، ناتوانین وه‌ك پێویست جێگه‌ی رێزبین له‌به‌غداو له ده‌ره‌وه‌ش به‌چاوێكی قورس سه‌یرمان ناكرێت.
رۆژنامه: رێكنه‌خستنی هێزه چه‌كداره‌كانی پێشمه‌رگه‌و ئاسایش، له‌ژێر ركێفی حكومهتو بونیان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حیزب‌دا، چه‌ند زه‌ره‌ر به‌ئه‌زمونی هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت؟
نێچیرڤان بارزانی: زه‌ره‌رێكی یه‌كجار زۆر له‌هه‌رێمی كورددستان دهداتو پێشتریش ئه‌م قسه‌یه‌م كردوه كه به‌داخه‌وه، نه‌مانتوانیوه هێزی پێشمه‌رگه‌و ئاسایش له‌هه‌رێم یه‌كبخه‌ین، یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئێمه كه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت دامه‌زراوه‌ی حكومی‌و ده‌وڵه‌تی ده‌ستپێبكه‌ین ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت هێزی چه‌كدار هێزی چه‌كداری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت‌و سه‌ر به‌هیچ لایه‌نێكی سیاسی نه‌بێت، هه‌روه‌ها ئاسایشیش به‌هه‌مان شێوه، تا ئێستا ئه‌مه نه‌كراوه، به‌ڵام هه‌نگاوی جدیی هه‌یه له‌م روه‌وه‌و جێگه‌ی دڵخۆشییه، ئێمه‌ش چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه بزانین یهكیدهخهنو رێكیده‌خه‌ن، یان نا، ئه‌گه‌ر نه‌یانكرد دایمو به‌رده‌وام ره‌خنه دهگرینو قسه‌ده‌كه‌ین.
رۆژنامه: مه‌سه‌له‌ی لایه‌نی دارایی‌و بودجه، رهكیزهیهكی گرنگن به‌نیسبه‌ت خه‌ڵكی كوردستانه‌وه، ئایا تاكه‌ی هه‌رێم هه‌ر چاوه‌ڕێی ره‌حمه‌تی بودجه‌و (سلفه)ی ساڵانه‌ی به‌غدا بێت بۆئه‌وه‌ی بیژیهنێتو ئایا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، بۆ ئاینده مه‌ترسی نییه له ئه‌گه‌ری تێكچونی په‌یوه‌ندیی هه‌رێم به ناوه‌نده‌وه؟ ئایا ناكرێت له‌قۆناغی داهاتودا پشت به باری ئابوریی خۆمان ببه‌ستین؟
نێچیرڤان بارزانی: له راستیدا، ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوه‌تی نیزامی فیدراڵی له‌عێراق جێگیر ببێت، ده‌بێت ئه‌وه‌ی ساڵانه وه‌ریده‌گرین، سلفه بێت. ناكرێت ئه‌مه بودجه بێت‌و له‌به‌غداوه بۆمان بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه، ئێستا چۆن هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌ر پارێزگایه‌كی عێراق ده‌كه‌ن، ئاواش له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌یكه‌ن، كه له راستیدا ئه‌وه مه‌رفوزه له روی سیستمی فیدراڵی‌و له‌دنیادا شتی وانییه، ده‌بێت ئه‌مه سلفه بێت، به‌ڵام وا نییه، ئه‌مه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ریده‌گرێت، سلفه نییه. ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم كه میزانییه وه‌رده‌گرێت، تا حیساباتی خیتامی میزانییه نه‌باته به‌غداو هه‌مو شتێكی بۆ روننهكاتهوه، به‌غدا بودجه‌ی بۆ نانێرێت. دوه‌م، به راستی ئێمه كه باسی كێشه‌كان ده‌كه‌ین‌و ده‌ڵێین ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێت، یه‌كێك له‌كێشه‌كان مه‌سه‌له‌ی داهاته. سه‌باره‌ت به‌ئێمه، وه‌كو هه‌رێمی كوردستان، گرنگترین یاسا، یاسای دابه‌شكردنی چۆنێتیی دابه‌شكردنی داهاته، ئێمه چاومان له‌ده‌ستی به‌غدا نییه‌و شه‌ریكین، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌یكات به‌شێوه‌یه‌كه كه ده‌ڵێی بچین بۆلایان سواڵیان لێبكه‌ین، ئێمه شه‌ریكین له‌و داهاته‌و داهاتی میلله‌تی كورده.
رۆژنامه: له ئه‌گه‌ری تێكچونی په‌یوه‌ندیی ههرێمو به‌غدادا، مه‌ترسیی بڕینی ئه‌و بودجه‌یه ناكرێت؟ بۆ له ئه‌زمونی حوكمڕانیی خۆماندا، نه‌مانتوانیوه ئابورییه‌كی به‌هێز بۆ هه‌رێم ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین، له كاتێكدا ساڵی پار، وه‌زیرێكی عێراقی وتی: "حكومه‌تی عێراقی خاوه‌نی زیاتر له (40)ملیار دۆلار پاشه‌كه‌وته"؟
نێچیرڤان بارزانی: به بۆچونی من، ئه‌ساسی حوكمڕانی له‌كوردستاندا به دروستیی له‌و كاته‌وه‌یه كه بودجه‌ت هه‌بوه، ئه‌ویش له‌ساڵی(2004)ه‌وه ده‌ستی پێكردوه، پێش ئه‌وه بارودۆخێكی تر هه‌بو. ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه له‌به‌غداوه بۆ هه‌رێمی كوردستان دێت زۆر سنورداره، بۆ وڵاتێكی وێرانی وه‌كو ئێمه نا‌توانیت وا به خێرایی ئاوه‌دانی بكه‌یته‌وه، پێم وایه، زۆر ده‌خایه‌نێت. بۆ مه‌سه‌له‌ی نه‌دانی بودجه به‌هه‌رێم له به‌غدا، ئه‌گه‌ر كار گه‌یشته ئه‌وه، مانای مانه‌وه‌ی ئێمه له‌عێراقدا، چ مانایه‌كی دهمێنێتو نابێت به‌غدا هیچ كاتێك حه‌ق به‌خۆی بدات به هه‌ڕه‌شه‌وه قسه له‌گه‌ڵ ئێمه بكات‌و بڵێت بودجهكهتان دهبإین، ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه قسه له‌گه‌ڵ ئێمه كرا، ئه‌وا ئێمه‌ش كارتی به‌هێزمان هه‌یه‌و به‌كاریده‌هێنین كه پێت وا نه‌بێت ده‌سته‌وه‌ستان داده‌نیشین.
رۆژنامه: له كوردستان، زۆركات شانازیی به فره‌یی سیاسیی‌و ئازادیی بیروڕاوه ده‌كرێت، به‌ڵام سه‌دان كه‌س له‌سه‌ر بیروڕای جیاواز نانیان بڕاوه، ئێوه چۆن له مه‌سه‌له‌ی نانبڕاوه‌كان ده‌ڕوانن؟
نێچیرڤان بارزانی: به‌لای ئێمه، ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر جدییه، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه نانبڕینی خه‌ڵكه، له‌حه‌قیقه‌تدا ئه‌مانه دو به‌شن؛ به‌شێكیان له‌وانه‌ن كه ئه‌ندامی حیزبن‌و له‌ناو ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتیدان كه پێمان وایه، ناتوانین ره‌خنه له یه‌كێتی بگرین به‌وپێیه‌ی مه‌سه‌له‌یه‌كی ناوخۆیی حیزبییه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه له‌سلكی حكومیدان، پۆلیسن، یان ئاسایشنو یان له‌ده‌زگاكانی ترن، به بۆچونی ئێمه، ئه‌مه كارێكی یه‌كجار زۆر ناڕه‌وایه، به‌تایبه‌تی نانبڕین‌و بڕینی قوتی رۆژانه‌ی ماڵ‌و منداڵ كه شتێكه نابێت له هه‌رێمی كوردستان روبدات‌و پێویسته چاره‌سه‌رێكی جدیی بۆ بكرێت. ئه‌وه‌ی من ده‌یزانم، هه‌تا ئێستا جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم لیژنه‌ی بۆ دروستكردوه‌و ئه‌م لیژنه‌یه‌ش به‌دواداچونێكی باشی كردوه بۆ ئه‌م مه‌له‌فه‌و خۆی به‌دواداچونی بۆ ده‌كات. ده‌مه‌وێت بڵێم، شه‌خسی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم زۆر جدییه كه ده‌یه‌وێت مه‌سه‌له‌ی نانبڕاوه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت‌و چاره‌سه‌ریش به‌وشێوه‌یه ده‌بێت كه نه‌ك بۆ له‌مه‌ودوا، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كه لهپێشتریشو له‌و رۆژه‌وه‌ی كه نانیانبڕاوهو تائێستا ده‌بێت هه‌مو موچه‌و مافی خۆیان هه‌رچییان هه‌یه، ده‌بێت وه‌ریبگرنه‌وه، راسته تا ئێستا زۆر به ته‌حه‌موله‌وه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌له‌فه كراوه، به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌دام، زو یان دره‌نگ ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر دهكرێتو ده‌بێت حه‌قی ئه‌و نانبڕاوانه بدرێته‌وه. من پێشتریش وتومه، ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی كه رویداوه، ده‌بێت به سروشتی وه‌ریبگرین، ئه‌م هێزه هێزێكه لهنڕو په‌رله‌مانی كوردستاندا وجودی هه‌یه‌و خاوه‌نی (25)كورسییه‌و له‌ناو په‌رله‌مانی عێراقیش (8)كورسی هه‌یه، ئێمه داوای یه‌كهه‌ڵوێستی بۆ به‌غدا ده‌كه‌ین، به‌ڵام ناكرێت ئه‌و داوایه بۆ به‌غدا بكه‌ین، له‌هه‌مانكاتیشدا له‌هه‌رێمدا گوێبیستی ئه‌وه بین، نانی خه‌ڵكانێك دهبإرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگیان به‌لایه‌نێك داوه، ئه‌مه قابیلی قبوڵكردن نییه.
رۆژنامه: به‌ڵام نانبڕاوه‌كان ئومێدیان زۆر لاوازبوه به سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، كه چه‌ند مانگێكه هه‌نگاوی به‌رجه‌سته نه‌بینراوه؟، ئایا له‌م مه‌سه‌له‌یدا جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم، خاتری لایه‌نی یه‌كێتی ناگرێت؟
نێچیرڤان بارزانی: به‌پێچه‌وانه‌وه، سروشتی ئیشكردن جیاوازه، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه شتێك نییه كه زۆر پێویست بكات هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی له راگه‌یاندن باسبكرێن، بۆیه من زۆر ئاگادارم كه جدییه‌تێكی زۆر باش هه‌یه‌و ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر دهكرێتو جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم، مه‌به‌ستی ئه‌وه نییه كه پشتی لایه‌نێك بگرێت دژی لایه‌نێكی تر، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌و كه‌سه‌شی كه ده‌یه‌وێت كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكات، ده‌بێت تۆزێك به‌هێمنی‌و له‌سه‌رخۆ چاره‌سه‌ری بكات. گرنگ ئه‌وه‌یه كه من زۆر ته‌ئكیدی لێده‌كه‌مه‌وه كه مه‌سولیه‌تی ئه‌سڵی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم، ئێستا ئه‌و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌و له‌سه‌دا حه‌فتای ده‌نگی ئه‌م هه‌رێمه بۆ ئه‌و چوه‌و شه‌رعیه‌تی بڕیاردان به‌ده‌ست ئه‌وه، شه‌خسی سه‌رۆكی هه‌رێم زۆر جدییه كه ده‌یه‌وێت كێشه‌ی نانبڕین چاره‌سه‌ربكات.
رۆژنامه: كه قسه له‌سه‌ر نانبڕاوه‌كان ده‌كه‌یت، هه‌ست ده‌كه‌م كه هه‌ستێكی مرۆڤانه‌ی غهمبارانهت لادروستبوه. حه‌ز ئه‌كه‌م ئه‌و پرسیاره‌ت لێبكه‌م، ئایا ئه‌گه‌ر تۆ وه‌ك جاران سه‌رۆك وه‌زیران بویتایه، رێگه‌ت ده‌دا لایه‌نێك نانی خه‌ڵك ببڕێت‌و ئیجرائاتی ئیداری به‌رامبه‌ر كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ‌و په‌روه‌رده